رێوڕەسمی دابەشکردنی مەدالیای رەزەرفۆرد بەڕێوەچوو و مەدالیاکەش بەخشرایە فیزیازانی کورد، پرۆفیسۆر ئیبراهیم کەریمی

ئیبراهیم کەریمی رایگەیاند، لەلایەن کۆمەڵەی شاهانەی کەنەداوە مەدالیای یادەوەریی رەزەرفۆردی پێ بەخشراوە.

مانگی ۹ی ئەمساڵ ناوی براوەی ئەو مەدالیایە بۆ ساڵی ۲۰۲۳ ئاشکرا کرا و کۆمەڵەی شاهانەی کەنەدا ئەو کات رایگەیاند، بەهۆی لێکۆڵینەوە دیار و بەرچاوەکانی لە بواری فیزیا، مەدالیای رەزەرفۆرد دەبەخشرێت بە پرۆفیسۆر ئیبراهیم کەریمی.

ئەو مەدالیایە ساڵانە دەدرێت بەو زانایانەی خزمەتی دیار و بەرچاوی زانستییان لە بوارەکانی فیزیا و کیمیا کردبێت. مەدالیایەکە بە ناوی ئێرنێست رەزەرفۆرد، فیزیازانی گەورەی نیوزلەندی کراوە.

ئیبراهیم کەریمی ساڵی ۱۹۷۸ لە شاری سەقز لەدایکبووە. تاوەکو قۆناخی ماستەر لە رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران خوێندوویەتی. دواتر لە ئیتاڵیا درێژەی بە خوێندن داوە و دکتۆرای فیزیای کوانتۆمی بەدەستهێناوە.

کەریمی لە ۲۰۱۷ـەوە لە زانکۆی ئۆتاوای کەنەدا وانە دەڵێتەوە و ساڵی ۲۰۲۰ مەدالیای زانستیی هێرتزبێرگی پێشکەش کرا.