خەڵکی کوردستان لە مانگی پیروزی ڕەمەزاندا هەندێ داب‌ونەریتی تایبەتیان بووە کە تا ئێستاش هەر بەردەوامە، بەڵام ئەمساڵ بەهۆی کۆرۆناوە، زۆربەی ئەو نەریتانە جێبەجێ نەکرا. خەڵک لە زۆربەی ناوچەکانی کوردستاندا لە چەند شەوی کۆتایی مانگی شەعبان، لە سەر کێو و تەپۆڵکەکاندا بە دوای هیلالی مانگی ڕەمەزاندا دەگەڕان و کە لە دەرکەوتنی دڵنیا دەبوون، هەندێ کەسیان بۆ […]

خەڵکی کوردستان لە مانگی پیروزی ڕەمەزاندا هەندێ داب‌ونەریتی تایبەتیان بووە کە تا ئێستاش هەر بەردەوامە، بەڵام ئەمساڵ بەهۆی کۆرۆناوە، زۆربەی ئەو نەریتانە جێبەجێ نەکرا.

خەڵک لە زۆربەی ناوچەکانی کوردستاندا لە چەند شەوی کۆتایی مانگی شەعبان، لە سەر کێو و تەپۆڵکەکاندا بە دوای هیلالی مانگی ڕەمەزاندا دەگەڕان و کە لە دەرکەوتنی دڵنیا دەبوون، هەندێ کەسیان بۆ گوند و تەنانەت شاریش دەنارد تاکوو مزگێنی هاتنی ئەم مانگە پیرۆزەیان بۆ بەرن.
جگە لەمە، پاش دڵنیابوون لە دەستپێکردنی ئەم مانگە، پاش نوێژی عیشا بە خوێندنەوەی “مرحبا یا شهرالرمضان” لە مزگەوتەکانەوە هاتنی ئەم مانگەیان بە هەمووان ڕادەگەیاند.

 

لەم مانگەدا خەڵکی کوردستان پاش بانگی مەغریب بە کۆمەڵ دادەنیشتن لە مزگەوت و بەربانگیان دەکردەوە و دوای خوێندنی نوێژی مەغریب دەچوونەوە ماڵ و بۆ نوێژی عیشا نوێژی سوننەتی تەراوێح بەجەماعەت دەهاتنەوە مزگەوت. ئەم نوێژە ۲۰ ڕکاتە و سێ ڕکات سوننەتی وەتری لەگەڵدایە، بەڵام زۆرجار ۱۱ ڕکاتی لە مزگەوت دەخوێنن و پاشماوەکەی دەبرێتەوە ماڵ. و بەهۆی پێگەی ئەم نوێژە لەناو خەڵکی کورد و سوننەدا دا ژمارەیەکی زۆر بە مەبەستی بەجێهێنانی لە مزگەوتەکاندا لە دەوری یەک کۆ دەبوونەوە.
زۆربەی شەوەکانی ئەم مانگە پیرۆزە، خەڵکی کوردستان جگە لە خوێندنی نوێژی تەراوێح، بۆ مەولوودی خوێندن و دەف‌لێدان و گوێ‌ ڕاگرتن لە ماموستایانی ئایینی لە مزگەوتەکاندا کۆ دەبوونەوە.

یەکێکیتر لە نەریتەکانی ئەم مانگە لە نێو کورداندا، لە کاتی پارشێو بووە و ئەوەش بەم شێوە بووە کە چەندکەس بە دەفەو لە کووچە و کۆڵانەکان، خەڵکیان بەخەبەر دەهێنایەوە و ڕایاندەگەیاند که کاتی بانگی بەیانی نزیکە بەڵام ئێستا لەجیاتی ئەم ڕەسمە دێرینە، کاتژمێرێک پێش بانگی بەیانی لە مزگەوتەکانەوە سەڵات دەکرێ و ئەوەش هەندێ دوعا و زیکر و سەڵوات لەبەر دەگرێت و لە مزگەوتەکانەوە بڵاو دەبێتەوە.
بەربانگ لە کوردستاندا بە خواردنی زۆر سادە و بەردەست وەکوو برساق، کولێرە، خورما و هەنگوێن و کەرە و شیر دەکرێتەوە.

پاش تێپەڕبوونی ۱٥ ڕۆژ لەم مانگە، “مرحبا یا شهرالرمضان” بە “الوداع یا شهرالرمضان” دەگۆڕدرێت و لە دەنگەبەری مزگەوتەکانەوە ئەمە دەخوێنرێتەوە و هەواڵی بەرەو کۆتایی چوونی مانگی پیرۆزی ڕەمەزان دەدات.
خەڵکی کوردستان و سوننەکان بە گشتی پێیان وایە شەوانی ۱۹، ۲۱، ۲۳، ۲٥ و ۲۷ی مانگی ڕەمەزان شەوانی قەدر دەژمێردرێن و لەم شەوانە تا بەیانی خەریکی خوێندنی قورئان، مەولوودنامە و قەسیدەی بوردیه  و هەروەها نوێژ خوێندنی دەبن.
زیاتر لە ناوچەی کوردستان و بە تایبەت لەو ناوچانەی کە شوێنکەوتووی مەزهەبی “حەزرەتی ئیمامی شافێعی”ن پێیان وایە ڕەنگە ۲۷ی ڕەمەزان شەوی قەدر بێت بۆیە کولێرە یان جۆرێ نان کە برساقی پێ دەڵێن دروست دەکەن و لەنێو خەڵکدا بڵاوی دەکەنەوە و پێی دەڵێن کولێرەی بیست وحەوتم.
پاش کۆتایی‌هاتنی مانگ و گەیشتنی جێژنی ڕەمەزان، خەڵک پاش خوێندنی نوێژ لە مزگەوتەکان و بەشێوەی جەماعەت، بە پۆشینی جلوبەرگی نوێ سەردانی ماڵی یەکتر دەکەن و وێڕای پیرۆزبایی جێژن داوای گەردن ئازایی لەیەک دەکەن.
بەداخەوە ئەمساڵ بەهۆی هاتنی ڤایرۆسی کۆرۆناوە، خەڵکی کوردستان لە زۆر داب‌ونەریتی خۆیان دوور کەوتوونەتەوە و هەروەک زۆربەی موسوڵمانانی جیهان، نەیانتوانیوە وەکوو ساڵانی پێشوو ئەو نەریتانە بپارێزن و بەداخەوە ئەمساڵ جگە لە قەدەغە بوونی خوێندنی نوێژی جەماعەت لە مزگەوتەکاندا، دەنگی دەف و مەولوودی خوێنی بڵندگۆی هیچ مزگەوتێکی نەزرینگاندەوە و ڕەمەزانی ئەمساڵ زۆر جیاواز بوو و هەر ئەمەش بووەتە هۆی پەرۆشی موسڵمانان و پارێزەرانی  فەرهەنگ و داب و نەریتی کوردەواری.

  • نویسنده : هاولاتی
  • منبع خبر : ئاژانسی هەواڵی مێهر